هەواڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیستەنبووڵ سەردانی مزگەوت و کەنیسەیەک دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تورکیایە و ئەمڕۆ سێشەممە لە ئیستەنبووڵ سەردانی مزگەوتی رۆستەم پاشا و کەنیسەی سەینت جۆرجی کرد.

مزگەوتی رۆستەم پاشا لەلایەن معمار سینان، ئەندازیارێکی سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دروستکراوە و لە ساڵی 1563 تەواوکراوە.

چوار رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مایک پۆمپەیۆ لە تورکیا تەنیا لەگەڵ سەرکردە ئایینییەکان کۆدەبێتەوە.

گەشتەکەی پۆمپەیۆ بۆ هەریەک لە وڵاتانی فەرەنسا، تورکیا، جۆرجیا، ئیسرائیل و ئیمارات، قەتەر و سعودییە بەشێکە لە دواین هەوڵە دیپلۆماتییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەجێهێنانی ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەی بەر لەوەی 20ـی کانوونی دووەمی 2021 کۆشکی سپی بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رادەست بکەن.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، پۆمپەیۆ لەگەڵ هاوژینەکەی سەردانی کەنیسەی سەینت جۆرجی لە ئیستەنبووڵ کرد و نیوەڕۆش سەردانی مزگەوتی رۆستەم پاشای کرد.

پۆمپەیۆ لە تورکیا لەگەڵ بەرپرسە دیپلۆماتکارەکانی ئەمریکاش کۆدەبێتەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ رایگەیاندووە، “پۆمپەیۆ ئەجێندایەکی بەرتەسکی لە ئیستەنبووڵ هەیە”.

ئەمریکا و تورکیا لەسەر شەڕی ناگۆرنۆ قەرەباخ و شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەینیان خۆش نییە. مایک پۆمپەیۆ بە رۆژنامەی لۆ فیگارۆی راگەیاندووە، پێویستە ئەمریکا و ئەوروپا بەیەکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ کردەوەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێن.

پۆمپەیۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا و خۆشمان هاوڕاین لەسەر ئەوەی کردەوەکانی ئەم دواییەی تورکیا زۆر تووندئاژۆ بوون”.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێی وایە، ئەوروپا و ئەمریکا دەبێت پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی ئەردۆغان رازی بکەن کە ئەو کارانەی دەیکات “لە بەرژەوەندیی خەڵکەکەی نین”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابەتی هاوتا

Back to top button