هەواڵ

ترس لە خۆپیشاندان.. هەواڵگریی ئێران هەڵمەتێكی دەستگیركردن دەستپێدەكات

لە ترسی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکانی پاییزی رابردوو، دەزگای هەواڵگریی ئێران هەڵمەتێكی دەستگیركردنی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی لە وڵات دەستپێكردووە، بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، یەكێك لە دەستگیركراوان نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە.

بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی ئێران دەترسن لە ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی تشرینی دووەمی 2019 هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن خۆپیشاندانی فراوان بكەن، چوارشەممەی رابردووش هێزەكانی دەزگای هەواڵگریی گشتی لە ناوچەی سونگور لە پارێزگای كرماشان هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی سەركردەکانی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن و بەرەو شوێنێكی نادیاریان بردوون.

هەروەها رێکخراوەکە دەڵێت: “چەند كاژێرێك دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەندامە دەستگیركراوەكانی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن، هەریەك لە سەعید ئەسغەری، سەعید سەمیمی و كسرە بەنی عامران رەوانەی بەندیخانەی ئێڤینی تاران کراون، کە ناوبانگێکی خراپی هەیە”.

لە ئاداری ساڵی 2018ش ئەو سێ كەسە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگیركران و لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەركرابوون، دواتر بە دەستبەری كاتی ئازادكران.

كسرە بەنی عامرانی تەمەن 24 ساڵ نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە و چارەسەری كیمیایی وەردەگرێت، رێکخراوەکە دەڵێت “دەستبەسەركردنی ئەو گەنجە ژیانی دەخاتە مەترسییەكی گەورەتر، بەتایبەتی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە.”

لە ناوەڕاستی ئەم مانگە حەمید شەریف، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگیركراوە و رەوانەی زیندانی ئێڤین كراوە، پێشتریش دادگای شۆڕش سزای ساڵێك زیندانی بەسەردا سەپاندبوو.

بەهۆی خراپی رەوشی ئابووری لەو چەند ساڵەی دوایی چەند جارێك خەڵكی ئێران خۆپیشاندانیان کردووە، لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووش لەدژی گرانكردنی نرخی سووتەمەنی، خۆپیشاندانیان كرد.

دوای سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكانی كۆتایی ساڵی رابردوو، رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی هێزە ئەمنییەكانی ئێرانی بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ تۆمەتباركرد و گوتى: “لە کاتی خۆپیشاندانەكانی تشرینی دووەمی 2019 هێزە ئەمنییەكانی ئێران زۆر بە تووندی خۆپیشاندانەكانیان سەركوتكرد و ژمارەیەكی زۆریان دەستگیركردن، هەروەها هێڵی ئەنتەرنێتیشیان بڕی”.

رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راپۆڕتێكیدا بەناونیشانی: ‘هاڕینی مرۆڤایەتی، دەستگیركردنی فراوان، بێسەروشوێنكردن و ئەشكەنجەدان لە خۆپیشاندانەكانی تشرینی دووەمی 2019 لە ئێران’ رایگەیاند “لە كۆی نزیكەی 7 هەزار دەستگیركراوی ژن و پیاو و منداڵ، دەیان شایەتحاڵمان لەدوای خۆپیشاندانەكان دواندوە”.

بەگوێرەی راپۆرتەکە: “دەزگا ئەمنی و دادوەرییەكانی ئێرانی زنجیرەیەك پێشێلكاری ترسناكیان دژی مافەكانی مرۆڤ کردووە، لەوانە دەستبەسەركردنی ناڕەوا، شوێنبزركردن و ئەشكەنجەدان، لێدان، داركاریكردن، بەكارهێنانی كارەبا، لەسێدارەدان، تووندوتیژیی سێكسی، ناچاركردن بە خواردنی مادەی كیمیایی و بێبەشكردن لە چاودێری پزیشكی.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابەتی هاوتا

Back to top button